دەروازەیەک بەرەو بەیاسایی کردنی پرسی کورد
بەڕێوەچوونی سمینارێکی زانستی لە لایەن ڕێکخراوی جیهانی کورد لە ئاڵمان.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەمە ڕێکەوتی ۱۵/٦/۲۰۱۹ سمینارێکی زانستی لە ژێر ناوی „دەروازەیەک بەرەو بە یاسایی کردنی پرسی کورد“ لە لایەن ڕێکخراوی جیهانی کورد لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بەڕێوە چوو. بەڕێز بێهزاد خۆشحاڵی لە لایەن ڕێکخراوی جیهانی کورد، سمینارەکەی بەڕێوەبرد. سەرەتا دوکتور جەواد دانیش پەژوو نووسەری کتێبی „کشتار بی پایان“ باسێکی پڕناوەرۆکی لە سەر ژێنۆساید و لەو پێوەندییەدا ژێنۆسایدی کورد لە ڕەهەندە جیاوازەکاندا لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان پێشکەشی بەشداربووان کرد. لە پاشان خاتوو سەمیرە ئەحمەدی، خوێندکار لە زانکۆی هامبوورگ، لە سەر „مافی دیاریکردنی چارەنووس لە سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئوڕووپا“ دا باسێکی پڕ بایخی ورووژاند. لە درێژەی سمینارەکەدا دوکتور فەراز فیرووزی لە سەر „پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گۆشەنیگای سیستمی دادی نێونەتەوەیی سەبارەت بە مافی دیاریکردنی چارەنووس“ بە ئاماژە پێدان بە خاڵ و بڕکە یاساییە نێونەتەوەییەکان جەختی لە سەر سەروەری سیاسی وەک مافێکی سرووشتی کورد کرد. لە کۆتاییدا بەشداربووان بە ڕا و بۆچوون و هەروەها پرسیارەکانیان، سمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.