ڕێکخراوی جیهانی کورد، سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ئورووپا، ئاگادار دەکات

بەڕێزان،

دەمانهەوێ سەبارەت بە پێشێلکردنی وەحشیانەی مافی مرۆڤ ئاگادارتان کەینەوە.

حکوومەتی فیدراڵی هەرێمی کوردستانی عێراق (هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان) پەنابەرێکی کوردی (ئێرانی) بە ناوی مستەفا سەلیمی کە پێشتر حوکمی ئێعدامی بۆ بڕابۆوە، لە ڕێکەوتی ١٠/٤/٢٠٢٠ ڕادەستی کاربەدەستانی ئێران کردەوە.

مستەفا سەلیمی لە ڕێکەوتی ٢٧/٣/٢٠٢٠ وێڕای نزیک بە٧٠ کەس، لە زیندانی ناوەندی شاری سەقز هەڵاتبوو. ئەو شارە کە بە بەربڵاوی تووشی پەتای کۆڕۆنا (کۆوید ١٩) بووە، و لە رۆژئاوای ئێرانە، بە هۆی نابەرپرسیارەتی کاربەدەستانی ئێران بەرانبەر کۆوید ١٩ و بۆ ئەوەی زیندانییەکان لە مەترسی تووشبوون بەو پەتایە دوورکەونەوە، دەربازدەبن. بەڕێز سەلیمی پەنا دەباتە باکووری عێراق واتە هەرێمی کوردستان. هێزەکانی „یەکیەتی نیشتمانی کوردستان“ دەستبەسەری دەکەن. ناوبراو دوای باسکردنی بارودۆخی خۆی، داوای پەنابەری دەکات.

بە پێی دەربڕینی بنەماڵەکەی، ئەو بە تایبەت پێداگری لەسەر ئەو بابەتە دەکات، کە لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی، مەترسی ئیعدام کردن هەرەشەی لێدەکا.

بەڕێز سەلیمی، بۆ ماوەی ١٧ ساڵ بە تاوانی „دوژمنایەتی لە گەڵ خودا“ لە بەندیخانە دا بووە.
v سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵ و ڕوونکردنەوانەی کە لە لایەن ناوبراوەوە دەدرێ، ڕادەستی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەکرێ(ئەو رێکخراوەیە وەک ڕێکخراوێکی تێڕۆڕیستی دەستنیشان کراوە). ناوبرا دەگەڕێننەوە شاری سەقز و دوای یەک ڕۆژ لە ١١/٤/٢٠٢٠ ، بێ دادگایی و بێ ئەوەی مافی بوونی پاڕێزەری هەبێت، ئێعدام دەکرێ.

ڕێکخراوی جیهانی کورد لە ئاڵمان ئەو کردەوە وەحشیانە ودژە ئینسانییەی کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکووم دەکات و داوا لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی یەکیەتی ئورووپا دەکات لە نفووز و توانایی خۆی بۆ روونکردنەوەی ئەو پێشێلکارییەی مافی مرۆڤ، کەڵک وەرگرێت و ئەو چەشنە کردەوە دژی ئینسانییە مەحکووم بکات.

وێڕای سپاس و ڕێزی دووبارە

ڕێکخراوی جیهانی کورد