بڕیاری نایاسایی و فارس تەوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە تووندی مەحکووم دەکەین

ڕێکەوتی ١٤.١٠.٢٠٢٠ „شوڕای هەماهەنگی پارێزەرانی زمانی فارسی“ و هەروەها وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران بڕیاریان دا کە „هەرچەشنە دامەزراوەیەک پێش ئەوەی تاپۆ(سەبت) بکرێ، پێویستە ناوی دامەزراوەکە، کە دەبێ فارسی بێ، دیاری کرابێت، پاشان ئیزنی یاسایی بە داواکارەکان بدرێ“. لەو پێوەندییەدا جەخت لە سەر ئەوەکراوەتەوە کە تەنانەت فیلمی سینەمایش پێویستە ناوی فارسیان هەبێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ٤١ ساڵ تەمەنیدا، نە تەنیا پابەندی هیچ چەشنە یاسا و ڕێسا پەسندکراوەکانی مافی مرۆڤ نەبووە و بە تووندترین شێوە هەوڵی پێشێلکردنی ئەو مافانەی داوە، بەڵکوو ئامادە نەبووە ڕچاوی یاسای بنەڕەتی ئێرانیش کە خۆیان بەرهەمیان هێناوە، بکەن.

لە خالەکانی ١٥ و١٩ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، مافی خوێندنی زمانی دایکی بۆ غەیرەفارسەکان، دانیپێدانراوە، بەڵام هیچکات بە کردەوە جێبەجێ نەکراوە.

ئەم بڕیارەی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، درێژەی هەمان سیاسەتی شوینیستیانە و بەرچاوتەنگانەی نەتەوەی فەرمانڕەوای فارسە کە بە درێژایی زیاتر لە سەدەیەک لە ژێر درووشمی یەک نەتەوە،یەک خاک و یەک ئاڵا، نکۆڵی لە بوون و ناسنامەی نەتەوەکانیتر دەکات.

ڕێکخراوی جیهانی کورد، وێڕای مەحکوومکردنی بڕیارێکی ئەوتۆ، بە پێی دەرفەت و ئیمکان هەوڵ دەدات بە ڕێگای پێوەندی بە کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و لە قاودانی ئەو چەشنە پێشیلکارییانە رووخساری دژی ئینسانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر بە دنیا بناسێنێ.

رێکخراوی جیهانی کورد
١٤.١٠.٢٠٢٠