ڕاگەیاندنی „ڕێکخراویی جیهانی کورد“ لە ئاڵمان سەبارەت بە رووداوە خوێناوییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو

بابەت بەدواداچوون بۆ دۆسیەی مستەفا سەلیمی

وێڕای سڵاوێکی گەرم و هیوای سەرکەوتنی نەتەوەی کورد، هەروەک ئاگادارن زیندانییەکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی مستەفا سەلیمی کە ماوەی ١٧ ساڵ لە زیندانەکانی ئێراندا بوو، توانی لە دەرفەتێکدا لە زیندانی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرباز بێت و لە ڕێکەوتی ٢٧/٣/٢٠٢٠ پەنای بۆ باشووری کوردستان هێنا، بەڵام بەداخەوە پاش چەند ڕۆژ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی پارێزگای سولێمانی، ڕادەستی سوپای قودسی ئێران کراوە و ڕۆژی ١٢/٤/٢٠٢٠ لە زیندانی شاری سەقز لەسێدارە درا.

ئەم کردەوە و کارەساتە دڵتەزێنە کەلێنێکی گەورەی خستووەتە نێوان هاوپێوەندی و هاودڵی دانیشتووانی هەردوو پارچەی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.

بە درێژایی مێژوو و لە هەموو شۆڕش و نەهامەتییەکاندا ڕۆژهەڵات پشت و پەنای باشوور بووە و باشووری کوردستانیش بەهۆی حکوومەتی هەرێمەوە هەمیشە جێی دڵخۆشی و شانازیی کورد بووە.

ئەم رووداوە دڵتەزێنە، کە لە ئاکامی هاوکاریی نێوان بەشێک لە هێزەکانی ئاسایشی هەرێم و هێزێکی تیرۆریستی ناوچەکە واتە سوپای پاسدارانی ئێران هاتە ئاراوە، پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچاوانی هێزی ئاسایشەوە، کە دەبێت دابینکەری ئاسایش بۆ کورد بن نەک بەدەستەوەدانی زیندانییەکی کورد بە دوژمنەکەی، سەرەڕای ئەوەی کە دەیانزانی لە ئەگەری تەسلمیکردنەوەی بە ئێران لە سێدارە دەدرێت.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکدا، چەند ئەندام پەرلەمانی کوردستان بە ژمارەی تایبەت ڕێکەوتی ٢١/٤/٢٠٢٠ لە یادداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەتێروتەسەلی باسی ئەم ڕووداوە و کردەوەی هێزی ئاسایشیان کردووە. هەروەها سەرۆکوەزیرانیش بەڵێنی دانانی لێژنەیەک بۆ بەدواداچوونی ئەم دۆسیەی کرد بەڵام هەتا ئێستاش هیچ ڕوونکردنەوە و ئاگادارییەک لەمەڕ ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو لێژنەیە بۆ بیڕوڕای گشتیی ڕانەگەیەنراوە.

ئێمە وەکو „ڕێکخراوی جیهانی کورد“ لە وڵاتانی ئەورووپی چالاکین و لە چۆنێتی کاریگەریی نەرێنی ئەو کارەساتە بەسەر ئێعتباری حکوومەتی هەرێم و هەروەها هێزی ئاسایش ئاگادارین.

میدیاکانی ناوچە و نێودەوڵەتی وەک خاڵێکی ڕەش لە نەبوونی تەناهی بۆ سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، پێناسەی دەکەن. بێگومان دیترا کە چۆن گوشار بۆ ئەو کەسانەی ئەم بابەتەیان ئاشکرا کرد لەلایەن هەندێ دەزگای ئەمنی هەرێمەوە پتر ئێعتباری ئەم دەسەڵاتەی بردە ژێرپرسیارەوە.

لە کۆتاییدا، داواکارین هەرچی زووتر ڕای گشتیی لە وردەکارییەکان و ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لێژنەی بەداواچوونی دۆسیەی مستەفا سەلیمی ئاگادار کەنەوە.

ڕێکخراوی جیهانی کورد
ئەڵمانیا
ڕێکەوتی٢٩|٥|٢٠٢٠