بانگەواز

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پارتە سیاسیەکان و ئازادیخوازان،
دە ڕۆژ دوای کۆچی دوایی ژینا(مەهسا) ئەمینی و ناڕەزایەتی بەربڵاو لە سەرانسەری ئێران لە ژێر دروشمی ژن، ژیان، ئازادی،

ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێکەوتی ٢٨/٩/٢٠٢٢ ی زایینی بە چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی و مووشەکی دوور مەودا هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و لە ئاکام دا زیاتر لە دە کەسی بێتاوان که ژن و منداڵ و دایکێکی دووگیانیان تێدابوو، گیانیان لەدەستدا و بەم چەشنە لاپەڕەیەکی رەشیتر بە مێژووی سەراسەر جینایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد بوو و کارەساتێکی دلتەزێنی دیکە ڕووی دا.

بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە ئەم کردەوە تێڕۆڕیستی و دژە ئینسانییەی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی و هەر وەها بە خەیاڵی ئەوە کە ڕەنگە بتوانێت بزووتنەوەکانی نێوخۆی وڵات باشتر سەرکوت بکات، هاتۆتە ئاراوە.

بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ بزانێ کە ئەمڕۆ ڕاپەڕینی هەموو ئازادیخوازان لە سەراسەری ئێران بە پێشەنگایەتی کوردستان هەتا کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێ ناکەویت و درێژەی دەبێت.

ڕێکخراوی جیهانی کورد لە ئەڵمانیا و سوید بە دەربڕینی پشتیوانی و هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و بە ئیدانەکردنی ئەم هێرشانە، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە سیاسییەکان و ئازادیخوازانی جیهان دەکات کە دەنگی هەقخوارانەی گەلانی بێتاوانی ئێران بن و بە هەموو شێوەیەک یارمەتیدەربن بۆ ڕاگرتن و وەستاندنی کردەوەی دڕندانە و جینایەتکارانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ڕێکخراوی جیهانی کورد بە پێی توانا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پشتیوانی لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان و گشت نەتەوەکانی جوغرافیای ئێران لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان دا.

ڕێکخراوی جیهانی کورد – ئەڵمان
ڕێکخراوی جیهانی کورد – سوید
٢٩/٩/٢٠٢٢