ڕاگەیاندنی „ڕێکخراویی جیهانی کورد“ لە ئاڵمان سەبارەت بە رووداوە خوێناوییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو

بەرەبەیانی رۆژی شەمە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی (٨/٩/٢٠١٨) سێ لاوی کورد رامین حوسێن پەناهی، زانیار و لوقمانی مورادی سەرەڕای بێ تاوان بوونیان و بە بێ گرینگیدان بە داوای بنەماڵە، وەکیلەکان، خەڵک و کەسایەتی وڕێکخراوەکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە نێوخۆ و دەرەوە‌ی وڵات سەبارەت بە راگرتنی ئەو حوکمە نارەوایە، لە سێدارە دران.

لە هەمان رۆژدا کاتژمێر ١٠:٤٥ پێش نیوەڕۆ بارەگای هەردوو حیزبی دێمۆکڕات، بە تایبەت کۆبوونەوەی پلینۆمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە شوێنی قەڵا لە نزیک شاری کۆیە، سەربە پارێزگای هەولێر دەدرێتە بەر مووشەک ودەبتە هۆی گیان لە دەستدانی ١٦ کەس لە پێشمەرگە و کادرو ئەندامانی بەرێوەبەری و زیاتر لە ٤٠ کەس برینداری لێدەکەوێتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکاری، رێگای تووندووتیژی و سەرکووتکردنی بەرانبەر بە جووڵانەوەی مافخوازانەی نەتەوەکەمان گرتەپێش و بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی شۆوینستی و رەگەزپەرستانەی بە سەر کورد دا، لە هیچ چەشنە کردەوەیەکی دڕندانە و جینایەتکارانە سڵەی نەکردووە و هەمووکات کوردی وەک نەیار و دوژمن چاو لێکردوە. ئێستاش کە لە رادەی جیهانیدا رۆژ لە رۆژ زیاتر تەریک دەبێتەوە و لە ناوخوی ئێرانیشدا لە گەڵ بەرهەڵستکاری خەڵکی وەزاڵەهاتوو رووبە روو بۆتەوە و گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی و تووشی قەیرانێکی کوشەندە و چارەسەرنەکراو هاتووە، بۆ ئەوەی رەوتی رووداوەکان بە لارێدا بەرێ دەستی بە چەواشەکاری کردوە و بە ناوی شەر دژی „تەجزیە تەڵەب“ و „سەربە بێگانە“، بە تووندترین شێوە و بە هەر چەشنە ئامرازێک وەک چەکی مووشەکی، تەنانەت بە بێ لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە شکاندن و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتێکتر، یان لە سێدارەدانی بە کۆمەڵی لاوانی کورد، شەرێکی ڕاستەوخۆی دژی کورد راگەیاندووە. مەبەستی رژێم لەو کردەوانە، هەم زەربەلێدان لە کورد و هەمیش دانی سیگناڵ بە هاوپەیمانان لە ناوچەکە‌یه.

بە دوای ئەودوو رووداوە دڵتەزێنەدا، ئەوەی زۆر جێی تیڕامانە، وەڵامی ئەرێنی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە داوای سەرجەم حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان و هەروەها چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەرەوە و ناوخۆی کوردستان، سەبارەت بە ڕاگەیاندنی رۆژی ٢١ی خەرمانان(١٢/٩/٢٠١٨) واتە چوارشەمبە، وەک رۆژی مانگرتنی سەراسەری بوو.
سەرکەوتنێک کە لە ئاکامی ئەو مانگرتنە مێژووییەدا مسۆگەر کرا، سووکنایی خستە ناو دڵی لە کوڵی ئەویندارانی کوردستان و ترس و سەرسووڕمانی نەسیبی داگیرکەران کرد. نەتەوەکەمان بۆ جارێکیتر بە یەکدەنگی وەڵامی „نا“ی بە داگیرکەر داوە. پەیامێک بوو، ئاوێتەی تووڕەیی و بێزاری لە کۆماری ئیسلامی و وەفاداری و خاوەندارییەتی لە تێکۆشەرانی رێگای ڕزگاری.

بۆیە ئەرک و پێویستێکی هەنووکەیی رێکخراو و کەسایەتییە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردە تا بە بارتەقای هەموو ئەو وەفا و ئەمەگدارییانە، هەرچی زووتر و شێلگێڕانە بە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو، وەڵامێکی شیاو بە داوا رەوا و بە جێیەکانی نەتەوەکەمان بدەنەوە.

ئێمە وێڕای دەربڕینی بێزاری و نارەزایەتی بەرانبەر بە کردەوە دژی ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامی و مەحکوومکردنی هەر چەشنە دەستدرێژێک بۆ سەر ماف و ئازادییەکان، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی، ڕێکخراوه‌کانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، ڕێکخراوە پێشکه‌وتنخوازەکانی ئوروپا، کاربەدەستانی دەوڵەتی وسەرجەم ئازادیخوازانی جیهان ده‌که‌ین، به‌رانبه‌ر به‌و کردوه‌ تێرۆرێستیانه، به‌رانبه‌ر به‌ ڕاوودوونان، زیندانیکردن و ئەشکەنجە و لە سێدارەدانی تێکۆشەرانی ڕێگای رزگاری نەتەوەی کورد، بێده‌نگ نەبن.

کاتی ئه‌وه‌ هاتووه جیهانی ئازاد دژ به‌ کرده‌وه‌کانی کۆماری ئێسلامی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ئێراندا دژایه‌تیی به‌ کرده‌وه‌ی خۆی نێشان بدا و پشتیوانی و هاوکاری له‌ جوڵانه‌وه‌ی مافخوازانەی کۆردستان و سه‌رانسه‌ری ئێران دژ به‌ سیستمی دیکتاتۆڕی ولایەتی فەقیە بۆ گۆرانکارێکی بنه‌ڕه‌تی له‌ ئێراندا، ده‌رببرێت.

ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی „ڕێکخراوی جیهانی کورد“ لە ئاڵمان

٢٢.٠٩.٢٠١٨