سه‌ده‌یه‌ک له‌ کۆچی کوردان بۆ وڵاتی ئاڵمان

نووسه‌ر: پ.د.که‌نعان ئێنگین
وه‌رگێڕان: هه‌ژار خاته‌می

کۆچی یه‌که‌م کورده‌کان بۆ وڵاتی ئاڵمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌د ساڵ پێش ئێستا. گریمانه ‌دەکرێ ئەمڕۆکە، ١،٢ میلیۆن کورد لە
ئاڵمان بژین. ئەم کوردانە بۆچی و لە کوێوە هاتوون؟

بە هۆی ئەوەیکە لە ئاڵمان تەنیا هاووڵاتی بوون (تابه‌عیه‌ت) بە شێوەیەکی فەرمی تۆمارکراوە، نەک زانیاری ناسنامەیی (ئیتنیکی)، زۆر ڕوون و ئاشکرایە هەتاکوو ئەمڕۆ زانیارییەکی باوەڕپێکراو و جێی متمانە لە سەر حەشیمەت و ڕێژەی کوردەکان لە ئاڵمان بوونی نیه. کەوایە زانیاری لە سەر ڕێژەی کوردەکانی ئاڵمان لە سەر بنەمای شک و گومانە و هەر بۆیەش پشت ڕاستکردنەوەی کارێکی سەخت و دژوارە (هەر بۆیەش بە سەختی جێگای باوەڕ پێکردنن).

ساڵی ٢٠٠٠ ده‌وڵه‌تی فیدراڵی ئاڵمان، له‌ سه‌ر داوای پارڵه‌مان، ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی خه‌مڵێندراو نزیکه‌ی ٥٠٠٠٠٠ که‌سی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد له‌ ئاڵمان ده‌ژین. هه‌ر وه‌ها له‌ ساڵی ٢٠١١ ده‌وڵه‌تی ئاڵمانی فیدراڵ له‌ سه‌ر داوایه‌کی دیکه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ که‌م وزۆر نزیکه‌ی ٨٠٠٠٠٠ که‌سی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد له‌ وڵاتی ئاڵمان ژیان ده‌که‌ن.

له‌ نێوان ساڵه‌کانی ٢٠١١ هه‌تا ٢٠١٩ نزیکه‌ی ٨٠٠٠٠٠ ئاواره‌ی سوری هاتوونه‌ ئاڵمان که‌ وڵامی ئه‌رێنی به‌ داوای په‌نابه‌ری ئه‌وان دراوه‌ته‌وه‌. ئیداره‌ی کاروباری کۆچبه‌ران و په‌نابه‌ران (BAMF) له‌ سه‌رژمێری په‌نابه‌ران دا به‌ شێوه‌یه‌کی به‌ڵگه‌مه‌ند ده‌یسه‌لمێنێ که‌ نزیکه‌ی ٢٥ بۆ ٣٠ له‌ سه‌دی ئاواره‌کانی سوریه‌، به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردن. ئه‌وه‌ به‌م مانایه‌یه‌؛ ڕێژه‌ی کورده‌کان له‌ وڵاتی ئاڵمان له‌ ساڵی ٢٠١١ هه‌تا ٢٠١٩ ته‌نیا به‌ هۆی ئاواره‌بوونی کورده‌کانی سوریه‌ لانیکه‌م ٢٠٠٠٠٠ که‌س زیادی کردووه‌. هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی کورده‌کانی ئێران، تورکیه‌ و عێراق له‌م ساڵانه‌ دا (٢٠١١-٢٠١٩) که‌ نابێ له‌ ٢٠٠٠٠٠ که‌س که‌متر بێ، له‌م سه‌رژمێرییه‌ دا له‌ به‌ر چاو نه‌گیراوه‌.

به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌م خاڵه‌، ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی ئه‌و کوردانه‌ی که‌ تازه‌ هاتوونه‌ته‌ ئاڵمان ده‌گه‌ڵ ئه‌و ٨٠٠٠٠٠ که‌سه‌ی که‌ ده‌وڵه‌تی فیدراڵ له‌ ساڵی ٢٠١١ ڕایگه‌یاندووه‌ کۆ بکرێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ڕێژه‌ی ئه‌و منداڵه‌ کوردانه‌ی لێره‌ له‌ دایکبوون و نیشته‌جێی ئاڵمانن، ده‌کرێ بڵێین که‌ ڕێژه‌ی ١٢٠٠٠٠٠ که‌س له‌ ڕاستی نزیکتره‌ (ڕاستگۆیانه‌تره‌). کەوایە کوردە کۆچەرەکان لە دوای تورکەکان دووهەمین گرووپی گەورەی کۆچەر لە ئاڵمان پێکدەهێنن کە هەتاکوو ئێستا نە لە سەرژمێری فەرمی دا و نە لە ئاخێوی (باس-وت و وێژ) پسپۆڕانە دا لە بەر چاو نەگیراوە.

قۆناغەکانی هاتنی کوردەکان بۆ وڵاتی ئاڵمان:
کۆچی کوردەکان بۆ ئاڵمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۹۱۹. هه‌تاکوو ئه‌مڕۆ ده‌کرێ هاتنی کورده‌کان بۆ ئاڵمان بە سەر پێنج قۆناغدا دابەش بکرێ.

قۆناغی یەکەم ١٩١٩-١٩٦١:

بنە و بنچینەی ئەو کوردانەی کە بۆ یەکەم جار هاتوونە ئاڵمان و به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی لەوێ جێگیربوون دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٩٢٠- ئه‌گه‌رچی ڕێژه‌ و حه‌شیمه‌تی ئه‌وان زۆر به‌رچاو نه‌بووه‌، به‌ڵام بۆ کۆمەڵگای کوردی زۆر گرینگ بووە. ئەم گرووپە بە شێوەیەکی گشتی بریتی بوون لە کەسانی زانا و ڕووناکبیری کۆمەڵگای کوردی کە بەشێکیان بۆ زانکۆ و خوێندن و ڕاپەڕاندنی ئەرک و کاری ڕامیاری هاتبوون و بەشێکیشیان بە هۆکارگەلی سیاسی ڕوویان لە ئاڵمان کردبوو. ئەوان توانیبوویان بە ئیش و کاری سیاسی، دیپلۆماتی و نووسەری بۆ ماوەی چەندین دەیە کاریگەریان لە سەر کۆمەڵگای کوردی هەبێ.

لە کۆتاییەکانی سەدەی ۱۹ هەتاکوو ساڵەکانی دەیەی ۱۹۴۰، لەو شوێنانەی کە کوردی لێ نیشتەجێ بوون، شۆڕش و بەربەرەکانی زۆر سەریان هەڵداوە کە لەو دا کوردەکان بە دژی زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانی ئەو کات ڕاوەستاونەتەوە. زۆربەی ڕێبەر و سەرکردەی ئەم شۆڕش و بەرخۆدانانە، یان سەر بە بنەماڵە و خێزانە ناودارەکانی کوردستان بوون و یان لەو ڕوناکبیرانە بوون کە لە شارە جۆراوجۆرەکانی وەک ئیستانبوڵ، بەیرووت، قاهیرە و دەمیشق دەرسیان خوێندبوو و لە ئیمپراتۆری عوسمانی دا پلە و پایەی بەرزیان هەبوو. زۆریەک لەم کەسایەتییانە وەک یەکەم کۆچەرانی کورد لە سەرەتای بیستەکان ١٩٢٠ هاتوونەتە وڵاتی ئاڵمان. بوونی ئاگایی نەتەوەیی قووڵ لە ناو گەنجە پەنابەرە کوردەکان دا، ساڵەها دوایە، بوو بەهۆی پێکهێنانی یەکەم ڕێکخراوە خوێندکارییەکان.

قۆناغی دووهەم ١٩٦١-١٩٧٣:

قۆناغی دووهەمی کۆچی کوردەکان بۆ وڵاتی ئاڵمان دەگەڵ ڕێککەوتننامەی هاوردەکردنی هێزی کار له‌ نێوان ئاڵمان و تورکیە دەست پێدەکات. لە ساڵی ١٩٦١وە هەتا کۆتایی ئەم پەیماننامەیە لە ساڵی ١٩٧٣، نزیکەی ٨٦٧٠٠٠ کەس وەک هێزی کار لە تورکیەوە بۆ کارکردن هاتوونەتە ئاڵمان. ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٩٨٠دا ١،٥میلیۆن کەس بووە و لە ساڵی ١٩٩٨دا دەگاتە ١،٢ میلیۆن کەس.

بەهۆی ئەوەیکە لە سەرەتاوە یەکەم کەسەکان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەندی تورکیەوە وەردەگیران، کوردەکان کەمتر وەک کورد ناویان هاتووە. بەڵام ئەو ڕێژەیە لە ساڵەکانی ١٩٧٠وە گۆڕانی بەسەر دادێ و بە زۆربوونی ڕێژەی کرێکار لەو ناوچانەی کە زۆربەی دانیشتوانی کوردن ئەم ڕێژەیەش زیاد دەکات.

ئەگەر ئێمە هەڵسەنگاندنێک بکەین لە نێوان ئەو کەسانەی هەتا ساڵی ١٩٩٨ لە تورکیەوە هاتوونە ئاڵمان و لە ئاڵمان نیشتەجێ بوون (١،٢میلیۆن کەس) دەگەڵ ڕێژە و حەشیمەتی کوردەکان لە تورکیە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دەکرێ وایدابنێین کە لانیکەم ۵۰٠٠٠٠کەس لەم حەشیمەتە بە ڕەگەز کوردن یانی یەک لە چواری ئەم حەشیمەتە. بەڵام زۆربەی ئەم کۆچەرانە لە سەرەتاوە خۆیان وەک تورک چاو لێکردووە و ناساندووە، ئەوەش سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەیکه زۆربەی هەرە زۆریان ملکەچی ئەو سیاسەت و بیرۆکە فەرمییەی دەسەڵاتدارانی تورک، کە دەیانگووت هەموو شارومەندێکی تورکیە بە ڕەگەز تورکن، بوون. یان ئەوەیکە لە ژێر سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن بە تورک کراون.

سەرهەڵدانەوە و ناسینەوەی شوناسی „کوردانە“ و کوردایەتی، ئەگەر بمانهەوێ باشتر بڵێین، پێداگری لە سەر „کورد بوون“ لە سەرەتاوە بە چالاکی خوێندکارە کوردەکان و لە دوایەش دا چالاکی پەنابەرە سیاسییەکان لە هەشتاکان دا دەستی پێکرد. بەرەی دوای ئەوان (دەکرێ بڵێین بەرەی دووهەم)، کە لەو منداڵانەی لە ئاڵمان گەورە بوون پێکدێت، زۆرتر لە دایک و بابەکانیان هەست و سۆزیان بۆ ناسنامە و شوناسی کوردی هەیە و هۆگری سیاسەتی کوردین. زۆریەک لە دایک و بابەکان لە ژێر کاریگەری منداڵەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ سەر بنچینە و ناسنامه‌ی کوردانەی خۆیان.

قۆناغی سێهەم ١٩٨٠-١٩٩٠:

ئەم قۆناغە لە سەرەتای هەشتاکانەوە دەست پێدەکا و هەتا سەرەتای نەوەدەکان درێژەی دەبێت. سەرکووت و لە ژێر گوشار و جەخت بوونی کوردەکان لە ئێران لە لایەن ڕژێمی خومەینییەوە، شەڕی درێژماوەی (١٩٨٠-١٩٨٨) نێوان ئێران و عێراق، کودیتای نیزامی تورکیە لە ساڵی ١٩٨٠ و هەروەها „ئەنفال“ و „ڕاودوونانی“ کوردەکان و هێرشی کیمیایی و گازی ژاراوی بۆ سەر ناوچە و شوێنی کوردەکان، بوونەتە هۆکارگەلی سەرەکی کۆچی ئەوان بۆ دەرەوەی وڵات و هەروەها بۆ ئاڵمان.

قۆناغی چوارەم ١٩٩٠-٢٠٠٠:

دەگەڵ دەستپێکی شەڕی دووهەمی کەنداو و لە پاش هێرشی حکوومەتی سەدام بۆ ناوچە کوردیەکان، ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردەکان بۆ ناو عێراق و دەرەوەی عێراق کۆچیان کرد. لە ئاکام دا نزیکەی یەک میلیۆن کورد ڕایانکردە وڵاتانی دیکە (زۆربەیان بۆ تورکیە).

قۆناغی پێنجەم ٢٠١١-٢٠١٨:

قۆناغی پێنجەم دەگەڵ „بەهاری عەڕەبی“ و هەروەها دەستپێکی شەڕی ناوخۆیی لە سوریە و سەرهەڵدانی ڕێکخراوە بناژۆخوازە (فەندەمێنتاڵ) ئایینیەکان لە سوریە و عێراق دەستی پێکرد و لە ساڵی ٢٠١۶ گەییشتە لووتکەی خۆی.

هۆکارگەلی کۆچی کوردان بۆ وڵاتی ئاڵمان:

لەم بوارەوە دەکرێ بڵێین کۆچی کوردەکان فرەڕەهەندییە. تایبەتمەندی بوونی هۆکارگەلی جۆراوجۆر، ئاسته‌نگی ده‌خاته‌ سه‌ر کەڵک وەرگرتنی گونجاو لە چەمکەکان، بۆ نموونە „کۆچکردن“ و „ڕاکردن“ (ئاوارە بوون) سەرەڕای ئەوە، لە دوای لێکۆڵینەوەی قوڵتر دەگەین بەم ئامانجە کە، کۆچکردنی زۆربەی کوردەکان دەگەڕێتەوە بۆ لە ژێر گوشار دابوونیان و هەروەها سەرکووت و زۆری دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان، ئەوە لە کاتێک دایە کە هۆکارگەلی تر ڕۆڵێکی کەمتریان هەیە. کوشتاری بە کۆمەڵی کوردەکان لە هەلەبجە، سیاسەتی فەرمی ئاسیمیلاسیۆن لە تورکیە و حاشا و نکۆڵی کردن لە شوناس و پێناسەی کوردی، بێبەش بوون و لە بەر چاو نەگرتنی مافی شارومەندی لە سوریە و بە عەڕەب کردنی ناوچە کوردییەکان و هەروەها به‌رده‌وام بوونی شەڕی چەکدارانەی لە ناوچە کوردییەکان، بوونەتە هۆی سەرەکی کۆچی کوردەکان.

سەرژمێرییەکانی BAMF له‌ مه‌ر په‌نابه‌ران دەرخەری ئەم ڕاستییەن که‌،‌ شوێن و سەرچاوەی سەرەکی ڕێژەیەکی زۆر لە داخوازانی پەنابەری-سیاسی لە وڵاتی ئاڵمان لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٦ هەتا ٢٠١١- تورکیە بووه‌. تەنیا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩١ هەتا ٢٠٠١، نزیکەی ١٩٧٢٥٠ کەس لە خەڵکی تورکیە، وەک پەنابەر هاتوون بۆ ئاڵمان (BAMF 2005). دەکرێ وایدابنێیین زۆربەیان، له‌ سه‌دا ٩٠ بەراورد دەکرێ، بە ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد بوون.

لە لایەکیترەوە ئەو پێکهاتە ئیتنیکی-ئایینی یانەی کوردستانیش ڕۆڵیان هەیە. زۆربەی کوردەکان باوەڕمەند بە ئیسلامی سوننەن. بەڵام جگە لە موسڵمانە سوننەکان لە ناوچە کوردییەکان، کەمینە ئایینیە کوردەکانی-تریش وەک ئیزەدی، عەلەوی و یان گرووپە جۆراوجۆره‌کانی وه‌ک ئەهلی حەق بوونیان هەیە. ئەم کەمینە ئایینیانە زۆر جار بوونه ئامانجی هێرشەکان و بوونەتە قوربانی کۆمەڵکوژی.

سەرەڕای ئەو شتانە، شەڕ و پێکدادانی چەکدارانەی نێوان تورکیە و هێزەکانی پ.ک.ک (له‌ ئاڵمان وه‌ک هێزێکی قه‌ده‌غه‌کراو ده‌ناسرێ)، هۆکارێکی گرینگی دیکەی کۆچکردنە. لە ساڵی ١٩٨٤وە دەگەڵ دەستپێکی شەڕ هەتا ئەمڕۆ، هێرش و پێکدادان لە نێوان پ.ک.ک و هێزە چەکدارەکانی (نیزامی یەکانی) تورکیە و ئێران بەردەوامە. بە پێی لێکۆڵینەوەیەک لە لایەن ناوەندی (ڕێکخراوی) لێکۆڵینەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی تورکیە، ١،٢میلیۆن کەس لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٤ هەتا ٢٠٠٤ ئاوارە بوون کە زۆربەیان سەر بە پارێزگا کوردنشینەکانن.

شەڕ و پێکدادانی چەکدارانە و بەردەوام و هەروەها دۆخێکی ناله‌بار بوونە هۆی ئەوەیکە، ناوچە کوردنشینەکان بە شێوەیەکی بەرچاو تووشی گرفت و کێشەی ئابووری ببنەوە. ئەم ناوچانە لە هەر چەشنە ژێرخانێکی ئابووری و سەرمایەگوزاری بە دوور بوون. ڕێژەی بێکاری شاری دیاربەکر بە شێوەی فەرمی لە ساڵی ٢٠٠٠ دا گەییشتە لە سەدا ٣٠،٢. دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی- KONDA، جیاوازیەکی قوڵی کۆمەڵایەتی لە نێوان کوردەکان و تورکەکان نیشان دەدا. لە ساڵی ٢٠١١ نزیکەی ٧٣ لە سەدی تورکەکان لە سیستەمی دابینکردنی خزمه‌تگوزاری کۆمەڵایەتی بەهرەمەند بوون، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەم ڕێژەیە بۆ کوردەکان تەنیا ٤٠،٨ لە سەد بوو.

سەرکووت و لە ژێرپێنانی مافی مرۆڤ لە عێراق، ئێران، تورکیە و سوریە وەک هۆکارێکی دیکەی کۆچکردن دێتە ئەژمار. بەتایبەت ئەم خاڵە لە تورکیە زۆر ئاشکرایە: بۆ نموونە، کوردەکان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ وەک تورکی کێوی دەهاتنە ئەژمار و نکۆڵی لە بوونی ئەوان دەکرا، هەروەها زمانی کوردی قەدەغە بوو و کوردەکان مافی ئەوەیان نەبوو بە شێوە و داب و نەریتی کوردانە بژین. هەر جۆرە چالاکی و تێکۆشانێک بۆ یارمەتیدان بە کولتوری کوردی و زمانی کوردی قەدەغە و سزای قورسی هەبوو. ئەم ئەزمونە تاڵ و خەساربارانە بە دڵنیاییەوە کاریگەری گەورەی لە سەر ئەو خێزان و بنەماڵە و منداڵانە داناوە کە ئاسەواری ئەم ئەزمونە تاڵانەیان دەگەڵ خۆیان هێناوەتە ئاڵمان.

لە کۆتایی دا، کارەسات و ڕووداوە سروشتییەکان بەشێکی ترن لە هۆکارگەلی کۆچکردن. زۆربەی شارە کوردنشینەکان وەک وارتۆ، ئه‌رز‌نگان، پولمور، هینیس، لیجه‌، بینگۆل، قه‌ره‌کۆچان و وان لە نێوان ساڵەکانی ١٩۶۶ هەتا ٢٠٠٧ زۆر جار ڕوبەڕووی هەژانی ئه‌رد بوونەتەوە. به‌ هەزاران کەس لەوێ کوژراون. تەنیا لە دوای بوومەلەرزە خەساربارەکەی ساڵی ١٩۶۶ی مووش و ئەرزڕوم نزیکەی ٧٠٠٠ کەس کۆچیان کردووە بۆ وڵاتی ئاڵمان.

کۆچی کوردەکان بۆ وڵاتی ئاڵمان لە ساڵی ١٩١٩وە دەستی پێکردووە. ساڵی ٢٠١٩، سەدەیەک لەم ڕێکەوته تێپەڕ بوو. ئەمڕۆ گرووپە کۆچەرە کوردەکان، بە شێوەیەکی نادیار بەشێکن لە بەرهەم هێنەرە سەرکەوتووەکان، دەرهێنەری به‌توانای سینەما، یاریزانی وەرزشی و هەروەها پزیشکی نموونە. ئەوان پێشکەوتنی زانستی تۆمار دەکەن و لە زۆربەی حیزبەکان دا و هەروەها لە پارلەمانی ئاڵمان و لە پارلەمانی هەرێمەکان دا نوێنەر و ئەندامیان هەیە.

سه‌رچاوه‌:

Prof. Dr. Kenan Engin (2020), 100 Jahre kurdische Einwanderung nach Deutschland, Migazin.

https://www.migazin.de/2020/01/23/chronologie-100-jahre-kurdische-einwanderung-nach-deutschland/